جووتیارەکان رێگای دووریان لە کۆڵ دەبێتەوە

بۆ یەکەمجارە عه‌لوه‌یه‌ك لە کەڵەک دروست ده‌كرێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە ناحیەی کەڵەکى سه‌ر به‌ پارێزگاى دهۆك، بۆ یه‌كه‌مجار عه‌لوه‌یه‌كى به‌روبوومى كشتوكاڵى وه‌ك پرۆژەیەکی وەبەرهێنان مۆڵەتى پێده‌درێت و وه‌به‌رهێنانى دهۆكیش ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى دوو ساڵ ته‌واو ده‌كرێت.

پرۆژەکە، بە رووبەری 10 هەزار مەتر دووجا و گوژمەی یه‌ك ملیۆن و 360 هەزار و 280 دۆلار جێبەجێ دەکرێت، له‌ دوو نهۆم پێكدێت، کۆگای سارکەرەوە و هۆڵی جیاکردنەوەی بەرهەمەکان و شوێنی تایبەت به‌ بارکردن، فرۆشتنی کەلوپەل، خواردنگه‌، کافتریا، ئیداره‌ی پرۆژەکە، قەپان، گۆرەپانی ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە لەخۆ دەگرێت.

د.هەڤال ئاکرەیی، بەرێوه‌بەری وەبەرهێنانی دهۆک بە 964ـی وت، بۆ یەکەمجار مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوە بە خاوەن پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە ناحیەی کەڵەک، پرۆژەیەکی گەورە و گرنگە بۆ ناوچەکە، هەموو جوتیاران سوودی لێده‌بینن.

وتیشی “پێشتر جوتیارانی سنووره‌كه‌ بەرهەمەکانیان دەبرده‌ هەولێر و ئاکرێ بۆ فرۆشتن و خەزن كردن، بەڵام بەم پرۆژەیه‌  زۆر ئاسانكاریان بۆ ده‌كرێت”.

به‌قسه‌ى وه‌به‌رهێنانى دهۆك پێشتر لە ناحیەی کەڵەک هیچ پرۆژەیەک نەبووە مۆلەتی پێبدرێت بۆیە ئەمە ده‌بێته‌ یەکەم پرۆژەی وەبەرهێنان له‌و ناحیه‌یه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن