هۆکارەکەی ئاشکرابوو
لە دوزخورماتوو 40 رۆژ بوو بەنزینخانەیەکی حکومی بەنزینی دیارنەدەما
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
40 رۆژ بوو بەهۆی دیارنەمانی بەنزین لە بەنزیخانەکە وێستگەی سەرەکی سوتەمەنی دوزخورماتوو داخرابوو، بەڵام هۆکارەکەی ئاشکرابوو.
وەستانی بەنزین لەو وێستگەیە لە کاتێک بووە کە رۆژانە سەدان لیتر بەنزین دیار نەدەما و دزەی دەکردە ژێر بیناکە، دواجار لەلایەن تیمێکی بەڕێوبەرایەتی سوتەمەنی کەکوکەوە شوێنی شکانەکە دیاریکرا و چارەسەر کرا.
حەسەن مەهدی بەرپرسی ویستگەی سوتەمەنی خورماتوو بۆ 964 وتی، “ئێمە نیگەرانین لەبەرپرسانی بەشی سوتەمەنی کەرکوک کە ماوەیەکی زۆرە بەدەم کێشەی سوتەمەنی قەزاکەوە نەهاتوون، ژێر بەژێر داوای پارەمان لێکراوە لەبەرامبەر زوو چارەسەرکردنی کێشەکە”.
بەرپرسی وێستگەی سوتەمەنی خورماتوو ئەوەش دەڵێت، “ئەگەر پارەمان بدایە تەنیا بە سێ رۆژ چارەسەر دەبوو، بەڵام ئەوە 40 رۆژە ئەو کێشەیە هەیە، بەڵام نوسراومان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە و داوامان کردووە لایەنی کەمتەرخەم سزا بدرێن”.
لەسنووری قەزای خورماتوو دوو وێستگەی سەرەکی دابەشکردنی سوتەمەنی حکومی هەن، لەگەڵیدا حەوت وێستگەی ئەهلی هەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی