1100 دانە تۆمار کراون
شوێنەواری سلێمانی رووپێوی شوێنەوارەکانی دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
شوێنەواری سلێمانی لە هەوڵی رووپێویکردنی ناوچە شوێنەواریکانیدایە و تا ئێستا 1100 شوێنەواری تۆمار کردووە.
لیژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرقاڵی ئەو کارەیە و لە ئێستادا رووپێوی بەشێک لە قەزا و ناحییەکانیان ماوە ئەنجامی بدەن.
حسێن حەمەغەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دەیانەوێت سەرجەم ناوچە شوێنەوارییەکان دیاری بکەن و مەبەست لەو کارەش زیاتر پاراستنیانە لە تێکچوون و لەناوچوونیان.
بە پێی بڕگەی حەوتی مادەی یەکی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان، هەر شتێک مێژووەکەی لە 200 ساڵ کەمتر نەبێت دەبێتە شوێنەوار.
“هیچ کەسێک بەرامبەر زیانگەیاندن بە شوێنەوار لە هەر پلەوپایەیەکدا بێت بەدەر نییە لە سزا و چاوپۆشی لێناکرێت”، ئەوەش قسەی حسێن حەمەغەریبە.
لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 800 شوێنەوار دۆزراونەتەوە و بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەکانی هەرێم پێشبینی دەکرێت دە هەزار شوێنەوار لە هەرێمدا هەبن و پێویستیان بە دۆزینەوەیە.