24 کاتژمێر مۆڵەتی بۆ داناون

ئیسرائیل داوا لە خەڵکی سڤیل دەکات غەزە چۆڵ بکەن

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

ئیسرائیل خەڵکی غەزە ئاگادار دەکاتەوە باکووری شارەکە چۆڵ بکەن و بۆ ئەو کارەش تەنیا 24 کاتژمێر مۆڵەتی پێداون.

سوپای ئیسڕائیل هۆکاری ئەو هۆشدارییەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە چەکدارانی حەماس لە توونێلەکانی ژێر شارەکە خۆیان شاردووەتەوە.

بەشی باکووری غەزە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دانیشتووی هەیە.

سوپای ئیسرائیل پێش نیوەشەوی دوێنێ هۆشدارییەکەی بڵاوکردووەتەوە.

“باڵەخانەکانی شارەکە پڕن لە خەڵکی سڤیل، بۆیە گرنگە بۆ پاراستنی خۆتان و خێزانەکانتان لە چەکدارانی حەماس دووربکەونەوە و بە زوویی بە دەم داواکەمان بێن و نەهێڵن حەماس وەک قەڵغان بەکارتان بهێنێت”، راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسڕائیل وای نووسیوە.

رایشیگەیاندووە، تەنیا ئەو کاتە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ باکووری غەزە کە بە فەرمی ئاگادارییەکی دیکە بڵاوکرایەوە.

پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل دوای بۆردوومانی چڕ هێرشی زەمینی بکاتە سەر باکووری غەزە.

بۆ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو هۆشدارییەی ئیسڕائیل جێی نیگەرانییە و دەڵێت، “دەکرێت کۆچکردنەکە دەرئەنجامی مرۆیی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە”.

بەڵام ئیسڕائیل ئەو هەڵوێستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی  “پێ شەرمەزارانەیە”، چونکە دەڵێت، ئاگادارکردنەوە پێشوەختەکەیان بۆ ئەوەیە هاوڵاتی سڤیل زیانی بەرنەکەوێت و “لە کاتی هێرشەکانمان یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێڵ ناکەین”.

وا بڕیارە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێک دێن لە ( ئەمریکا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا) ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام بدەن دەربارەی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.

لە شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیل ده‌ستیپێكردووه‌، بەهۆیەوە هەزاران زیانی گیانی لە هەردوولا کەوتووەتەوە.

ژماره‌ی كوژراو و برینداران خێرا به‌رز ده‌بێته‌وه‌

ژماره‌ی كوژراو و برینداران خێرا به‌رز ده‌بێته‌وه‌

عیزەدین قەسام كێیه‌؟

عیزەدین قەسام كێیه‌؟

گومەزی ئاسنین بۆ شکستی هێنا؟

گومەزی ئاسنین بۆ شکستی هێنا؟