مافی مرۆڤ و یونسێف پێکەوەن
یەکەی پاراستنی منداڵ دادەمەزرێندرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی مافی مرۆڤ و رێکخراوی یونسێف یەکەی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
لە ئێستادا کاروبارە ئیدارییەکانی یەکەکە تەواو بووە و نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی کراوە بۆ رەزامەندیدان لەسەر تێچووە داراییەکانی.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، کاری یەکەکە رووپێوی پێشێلکارییەکانە بەرامبەر بە منداڵان لە هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی یاداشتی چارەسەرکردن و پاراستنیانە بە لایەنی پەیوەندیدار.
وتیشی، “یەکەیەکی گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤ دەکرێتەوە و لە بنکەکانی دیکەش هۆبەی تایبەتی دەبێت”.
بەڕێوەبەری یاسایی دەستەکە روونی دەکاتەوە، کە ئەوان پێشتریش چاودێریی رەوشی منداڵانیان کردووە، “بەڵام ئەو یەکەیە کارەکان رێکخراوتر دەکات و دەتوانن رۆڵی زیاتر لە پاراستنی مافی منداڵاندا بگێڕن”.
بە پێی ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، نزیکەی دوو هەزار منداڵی ئیشکەر لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کاردەکەن و نزیکەی 500 منداڵیان هی ناوخۆن و ئەوانی تریش منداڵی ئاوارە و پەنابەرن.