ئەو سەربازگەیەی لەسەر زەوی جوتیارانی کورد بونیادنرا
سەربازگەی تۆپزاوا ناوەندی قڕکردنی کوردەکان
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
تۆپزاوا، ئەو سەربازگەیەی ئەنفالکراوەکانی تێدا فەلاقە دەکران و دواتر سەرژمێری دەکران و بڕیاریان لەسەر دەدرا کە ئایا بەرەو زیندانەکانی نوگرەسەلمان راپێچ بکرێن یان لە بیابانەکاندا بە زیندووی بنێژرێن.
سەربازگەی تۆپزاوا دەکەوێتە گوندی تۆپزاوا لە ناحیەی یایچی سنوری باشوری خۆرئاوای کەرکوک، تەواوی دانیشتووانی گوندەکە کوردن.
ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعس لە ساڵی 1975دا بە بڕیاری 369، تەواوی زەوییەكانی گوندی تۆپزاوای لە جوتیارانی كورد سەندەوە و موڵكدارێتیەكەی خستە سەر وەزارەتی بەرگری، كە دواتر لەسەر نزیكەی 30 دۆنم لە زەوییەكان، كە موڵكی چوار جوتیاری كوردن، سەربازگەی تۆپزاوا بنیادنرا.
ئەم سەربازگەیە لە ناوەڕاستی ساڵی 1981 دەستكراوە بە دروستكردنی و لە سەرەتای ساڵی 1982 دروستكردنی بیناكەی تەواو بووە، كە پێكهاتووە لە 24 هۆڵی گەورە لەگەڵ چەندین ژووری بچوك و هەروەها ژووری تایبەت بە فەرماندەكان و میوانخانە و چێشتخانە و ژووری حەوانەوەی فەرماندە سەربازییەكانی رژێمی پێشوو.