گرێبەستیان واژو کرد

فەڕەنسییەکان هەڵکۆڵین و رووپێوی بۆ قەڵای هەولێر دەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری هەڵکۆڵین و رووپێوی بۆ چەند شوێنیکی قەڵای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور گرێبەستێکی لەگەڵ پەیمانگای فەڕەنسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (IFPO) واژو کرد.

ماوەی گرێبەستەکە پێنج ساڵ دەبێت و پەیمانگاکە لەسەر تێچووی خۆیان لە دوو شوێنی قەڵای هەولێر کاری هەڵکۆڵین دەکەن.

نیهاد قوچە، سەرۆکی کۆمەڵەی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە 964ـی راگەیاند، فەڕەنسییەکان لە ئەمڕۆوە دەستیان بە هەڵکۆڵین و رووپێوی کردووە و هەر لە شوێنی کارەکەیان جێگەی مانەوەیان بۆ دابینکراوە.

فۆتۆ ستۆری: دەوروبەری قەڵای هەولێر رووناک دەکرێتەوە

فۆتۆ ستۆری: دەوروبەری قەڵای هەولێر رووناک دەکرێتەوە

“بەشێک لە کارەکانی هەڵکۆڵین و روپێوییەکە لە ئەو شوێنانەی قەڵا ئەنجامدەدرێت کە پێشتر خانووەکانیان رووخاون و ئاسەواریان نەماوە، هەروەها لە بەشی خوارەوەی قەڵا، لە شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێلەکانیش کاردەکەن”، نیهاد قوچە وای وت.

قەڵای هەولێر یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە دێرینەکانی ناوچەکە و تەمەنی دروستکردنی بۆ زیاتر لە شەش هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.