براوەی ئەمساڵ لە زیندانە
وەزیری دەرەوەی ئێران قاسم سولەیمانی بە شایەنی خەڵاتی نۆبڵ دەزانێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت قاسم سولەیمانی شیاوترین رەمزی ئاشتی جیهانە، ئەم لێدوانەی دوای چەند کاتژمێرێک بوو لە راگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی کە ئەمساڵ نێرگز محەمەدیی ژنە چالاکوانی ئێرانی براوەی بوو.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: ” شایستەترین هێمای ئاشتی جیهانی ئەو ژەنەراڵە دڵسۆزە بوو، کە بۆ ماوەی دوو دەیە شەڕی تیرۆر و توندوتیژترین تاوانبارانی کرد و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی مسۆگەر کرد، ئامادەبوونی دەیان ملیۆن کەس لە پرسەی شەهید قاسم سولەیمانی لە ئێران و عێراق و هاوسۆزی جیهان شکۆترین و بەردەوامترین خەڵاتی ئاشتی بوو لە مێژوودا”.
دوێنێ نێرگز محەمەدی، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ خەڵاتی نۆبڵی پێ بەخشرا، نێرگز زیاتر لە ساڵێکە لە زیندانەکانی ئێراندایە و کۆی سزاکەی دوو ساڵ و نیوە، رووداوی کوشتنی ژینا ئەمینی هۆکاری سەرەکی بەخشینی ئەو خەڵاتە بووە بە نێرگز.
دوای راگەیاندنی خەڵاتەکە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی “هەنگاوەکەی لیژنەی ئاشتی نۆبڵ، جووڵەیەکی سیاسییە بە ئاراستەی سیاسەتی دەستتێوەردان دژی ئێران”.