لە دوو هێرشدا
هەسەدە کوشتن و بریندارکردنی 15 سەربازی تورکیای راگەیاند
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
هەسەدە دەڵێت، هێرشیکردووەتە سەر چەند بارەگایەکی سوپای تورکیا لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر لە رۆژئاوای کوردستان، بەوهۆیەوە پێنج سەرباز کوژراون و 10 سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی 6.10.2023، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانیان دوو هێرشی سەربازییان بۆ سەر بنکەکانی سوپای تورکیا ئەنجامدا و پێنج سەربازی ئەو وڵاتە کوژران.
ئەو هێرشانە رۆژی پینجشەممە 5.10.2023 ئەنجامدراون و هەردوو بنکەی بابولفەرەج و عەبدولحەی لە باکووری شارۆچکەی تل تەمر کراونەتە ئامانج، هەسەدە وا دەڵێت.
لە دوێنێوە تورکیا 40 شوێنی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە
ئەمڕۆ هەینی تاوەکو ئێستا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو سەربازی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە یەکێکیان پلەی عەریفە و شەممەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بریندارببوو.
عەریفەکە بە ناوی رەجەب پارلاک، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگ – قوفڵ بریندار بووە و ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی راگەیەندراوە.
سەربازەکەی دیکەشیان پلەی ئەفسەرە و ناوی حوسێن سیمسێک-ـە، وەزارەتی بەرگری تورکیا هیچ زانیاری دیکەی لەسەری بڵاونەکردووەتەوە.