کێڵگە و پرۆژە ئاوییەکان بە ئامانج گیراون

لە دوێنێوە تورکیا 40 شوێنی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە

964+
ئەحمەد مستەفا

ژمارەی ئەو ناوچانەی تورکیا بۆردومانی کردوون لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتە 40 شوێن، کە لە 29 گوند، پێنج وێستگەی گۆڕینی کارەبا، حەوت شوێنی نەوت و دوو وێستگەی گۆڕینی ئاو و گاز و بەنداوی جەل ئاغا بوون.

ئەو زیانانە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاویکردووەتەوە، کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەندا شەش هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەک دوێنێ شەش، ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا و دوو ئەندامیان برینداربوون.

پانۆرامای هێرشەکان:

– فڕۆکەی بێ فرۆکەوان کێڵگەکانی “مشیرفەت حەما”یان بۆردومان کرد، لەسەر رێگای نێوان حەسەکە بۆ تەل تەمر و سێ هاوڵاتی بریندار بوون.

– فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی لەسەر رێگای موشەریفە – حەسەکە بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا چەند کەسێک بریندار بوون.

تورکیا: ئەو درۆنەی خرایە خوارەوە هی ئێمە نەبوو

تورکیا: ئەو درۆنەی خرایە خوارەوە هی ئێمە نەبوو

– هەروەها، سوپای تورکیا چەند جارێک وێستگەی حەمای لە شاری حەسەکە بۆردومان کرد.

– فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی دەوروبەری کەمپی واشۆ کانییان کرد، کە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری حەسەکە کە ئاوارەی سەرێ کانیی تێدایە، زیاتر لە پێنج جار لەسەر یەک بۆردومان کرد.

– فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، نزیکەی کاتژمێر 11:30ی شەوی رابردوو بۆردومانی گوندی ئەلتەویلە لە رۆژئاوای ناحیەی تەل تەمری سەر بە کانتۆنی حەسەکە کرد.

– فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی ناوچەیەکی نزیک وێستگەی گواستنەوەی ئاوی لە گوندی ئەلروکبە کرد، کە دەکەوێتە باشووری ناحیەی تەل تەمر بە دووری 10 کیلۆمەتر لەسەر رێگای حەسەکە و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

– تورکیا وێستگەی گواستنەوەی کارەبای “بەنداوی رۆژئاوا”ی بۆردومان کرد، کە ئاوی بەشێکی زۆری شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات.