رواندز ده‌یه‌وێت ئاوى بێخاڵ بگه‌یه‌نێته‌ دۆڵی ئاکۆیان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پلانی پڕۆژه‌یه‌ك له‌ قایمقامیه‌تى رواندز هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت ئاو له‌ بێخاڵه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ دۆڵى ئاكۆیان، قایمقامیش ده‌ڵێت، ئێستا سه‌رقاڵى ته‌واوكردنى كاره‌ هونه‌رییه‌كانى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ن و دواتر ده‌درێته‌ كۆمپانیا بۆ جێبه‌جێكردن.

پێشتریش ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌بووه‌ ده‌رخسته‌شی بۆ كراوه‌ به‌ڵام به‌هۆى كه‌مى نرخه‌كان هیچ به‌ڵێنده‌رێك وه‌رینه‌گرتووه‌.

ئه‌حمه‌د قادر، قایمقامى قه‌زاى رواندز، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئێستا ده‌رخسته‌ى نوێ و پێداچوونه‌وه‌ بۆ ته‌واوى پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و تێبینیانه‌ى پێشتر له‌سه‌رى هه‌بووه‌، چاكده‌كرێن.

وتیشی “ئاوى بێخاڵ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ ناو رواندز، له‌وێوه‌ ده‌یگه‌یه‌نینه‌ ناو گونده‌كانى دۆڵى ئاكۆیان”.

به‌ قسه‌ى قایمقام له‌م قۆناغه‌دا ئاو ده‌گه‌ندرێته‌ نزیكه‌ى شه‌ش گوندى ئه‌م دۆڵه‌، له‌ داهاتووشدا هه‌وڵى گه‌یاندنى ئاو بۆ ته‌واوى گونده‌كانى دیكه‌ ده‌ده‌ین.

به‌هۆى كه‌مى ئاوه‌وه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ ئیداره‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌نكه‌ره‌وه‌ ئاو بۆ سنوورى گونده‌كانى دۆڵى ئاكۆیان دابین ده‌كات.