چەند کیسێکی خەیار - وێنە: 964+
خەیاری خراپبوو بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت
هۆشداری لە سەوزە و میوەی خراپبووى سەر شەقامەکان دەدرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەو سەوزە و میوانەی دەمێننەوە بۆ چەند رۆژێک لە عەلوەی سلێمانی بە نرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت و لەسەر شەقامەکان بە هاوڵاتیاندا ساغ دەکرێتەوە، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی دەڵێت، زۆرینەی خراپ بووە و بە کەڵکی خواردن نایەت.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی بە 964ـى وت، ئەو سەوزە و میوانەی چەند رۆژێک لە عەلوە دەمێنێتەوە و نافرۆشرێت، بە گۆترە دەیفرۆشن و لەسەر شەقامەکان دادەنرێت، کیلۆی خەیار لە عەلوە بە 500 دینارە، بەڵام لەسەر شەقامەکان 25 کیلۆی بە دوو هەزار دینارە، لە بەشی سەرەوەی خەیارێکی جوان دادەنێن و بەشی خوارەوە هەمووی خراپ بووە.
بەیانیان زوو لە عەلوەدا سەوزە و میوە پلە یەکەکان دەفرۆشرێن و لە کاتژمێر 10 بۆ 12 پلە دووەکان دەفرۆشرێن و لەوە بەدوا پلە سێ دێت، کە زۆربەی بە کەڵکی خواردن نایەت، بەڵام دەبردرێتە سەر شەقامەکان و دەفرۆشرێن، ئەمەش بەوتەی بەڕێوەبەری عەلوەی سلێمانی.
لەسەر ئەم بابەتە رائید دانا عوسمان لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964 وت، بوونی ئۆتۆمبێلی سەوزە و میوە لەسەر شەقامەکان ڕێگەپێدراو نیە، ئەو ئۆتۆمبێلەی سایدێکی گرتووە و میوە دەفرۆشێت بە بڕی 40 ھەزار دینار سزا دەدرێت و ماوەی 10 رۆژ دەستی بەسەردا دەگیرێت.
سیروان عەبدوڵا له لیژنەی سەرپەرشتیاری عەلوەی سلێمانی بە 964 وت، رۆژانە گەڕان دەکرێت بەسەر كهرتەکاندا و ئەوەی بە کەڵک نەیەت دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەلایەن لیژنەی تەلەفەوە دەخرێتە ژێر خاک.
وتیشی “تهنیا لە مانگی رابردوودا بڕی 19 تۆن و 190 کیلۆ سەوزە و میوەمان فڕێداوە”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن