کارمەندەکان خۆپیشاندان دەکەن
کۆمپانیای DNO زیاتر لە 200 کارمەندی دەرکردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
سێ مانگە زیاتر لە 200 کارمەندی کۆمپانیایDNO ـی نەرویجی دەرکراون، ئێستا بێکار ماونەتەوە و لەدژی بڕیاری دەرکردنیان خۆپیشاندان دەکەن.
زۆربەی ئەو کارمەندانە پیشەکانیان چێشتلێنەر، کرێکار، پاسەوان و میکانیکە و پێش دەرکردنیان وردە وردە لە موچەکانیان کەمکراوەتەوە، تا گەیشتووەتە ئەوەی لە 11.6.2023 هەموویان دەرکراون.
خالد مامیزدینی، کارمەندێکی دەرکراوی کۆمپانیاکەیە و نوێنەری دەرکروانە، ئەو بە 964ـی وت، “لەشوێنی ئێمە هەندێک کارمەندی دیکەیان هێناوە کە خەڵکی ئێرە نین. مافی خۆمانە لە کۆمپانیاکە و کێڵگەی تاوکێ ئیش بکەین چونکە کێڵگەکە لە سنورەکانی گوندی ئێمەن”.
خۆپیشاندەران مۆڵەتی 15 رۆژیان داوە بە لایەن بەرپرسەکان دەڵێن، “ئەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکەمان چارەسەر نەکرێت، رێگای هەناردەکردنی نەوتەکە دادەخرێن و خێمە لەسەر جادە هەڵدەدەن”.
کۆمپانیای DNO کۆمپانیایەکی نەرویجییە، لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە زاخۆ کاری دەرهێنانی نەوت دەکات
964 زۆر هەوڵیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە قسە بکات و لێدوانی ئەوان وەرگبرێت، بەڵام وەڵامیان نەبوو.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیاکە بە 964ـی راگەیاند، “ئێمەش هۆکاری راستەقینەی دەرکردنی ئەو کارمەندانە نازانین، بەڵام توانا داراییەکانی کۆمپانیا کەمبوەتەوە و کۆمپانیا هەندێک کارمەندی تری هێناوە بە پارەیەکی کەم ئیشیان پێ دەکرێت”.
موختاری یەکێک لەو گوندانە کە نەیویست ناوی بهێنین، بە 964ـی وت، “بەهیچ شێوەیەک ئەوەی رویداوە قبوڵناکەین. دەبێت گەنجەکانمان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و داوای قەرەبووی زەوییەکانیشمان دەکەین کە ئێستا بۆ دەرهێنانی نەوت بەکاردێن”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر