شەش ساڵە دوو بەرمیل نەوتیان پێدراوە

خەڵکی پشدەر نەوتیان پێنادرێت و گیانێکیان بە دارەکانە

964+

محەمەد عەلی – قەڵادزێ

لە قەزای پشدەر ماوەی شەش ساڵە دوو بەرمیل نەوت دراوە بە هاوڵاتیان و بەشێک لە گوندنشینانیش ناچار بەر لە هاتنی وەرزی زستان، بۆ خۆگەرمکردنەوە دار کۆدەکەنەوە.

ئەحمەد قادر هاوڵاتییەکی گوندنشینی قەزای پشدەرە، ئەو بە 964ـی وت، بەهۆی گرانی نرخەکەی، نەوتیان پێناکڕدرێت، زستانان پێویستیان بە دوو بۆ سێ بار تراکتۆر دارە تاوەکو بەشیان بکات و خۆیانی پێگەرمبکەنەوە.

بەکارهێنانی دار لەبری سوتەمەنی لەکاتێکدایە کە رێژەی سەوزای لەناو شارەکاندا لە 7٪ تێپەڕناکات و بەوهۆیەشەوە ساڵ بەساڵ رێژەکە رووی لە کەمبوونە.

جەبار ئادم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر بە 964ـی وت، “داری تەڕ لەڕووی یاساوە بەهیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نیە ببڕدرێت، داری وشکیش بەشێوەی خاوێن کردنەوە رێگە پێدراوە، بەڵام دەبێت دادگا ئاگادار بکرێتەوە و لیژنەیەک بڕیاری لەسەر دەدات”.

بڕی پێبژاردن بۆ بڕینی دارێکی تەڕ بەپێی تەمەنیەتی و بۆ هەرساڵێک 50 هەزار دینارە.

زۆرێک لەو دارانەی کە هاوڵاتیان بەکاریدەهێنن بۆ سوتەمەنی دارمازوو و دار بەڕووە، بۆ کۆکردنەوەی بارێک داریش پێویستی بە زیاتر لە 50 دارە.

هەریەک لە داری بەڕو داری مازو ئەگەر بچێنرێنەوە 25 ساڵیان پێویستە بۆ ئەوی پێبگەن

بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە 964ـی وت، ” قەزای پشدەر ناوچەیەکی سارد و بەفرانبارە و خەڵکی ناوچەکە پێویستیان بە نەوت و سوتەمەنی زیاترە، بەناچاری خەڵک پەنا دەبەن بۆ داربڕین، ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی رۆشنبیری ژینگەیی هەیە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

کەسێک لە سیتەک لەسەر داربڕین دەستگیرکرا

کەسێک لە سیتەک لەسەر داربڕین دەستگیرکرا