تەنیا یەک کەس ماوە ئەو کارە بکات

چۆنیەتی دروستکردنی لباد لە کوردستان ئەرشیف دەکرێت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لێکۆڵەرێک بەدوای ئەرشیفکردنی لباد و چۆنێتی دروستکردنیەتی لە دامێنی چیای زاگرۆس و بەشێکی پڕۆژەکەشی لە بنکەی ژین لە شاری سلێمانی بە تابلۆ نمایش کردووە.

کاتی پڕۆژەکە ماوەی ساڵێکە و مانگی 12ـی ئەمساڵ تەواو دەبێت، کە بریتییە لە بە ڤیدیۆکردن و وێنەگرتنی لبادی کوردی و قۆناغەکانی دروستکردنی.

رێناس حەسەن بابەکر، لێکۆڵەرەکەیە و بە 964ی راگەیاند، پڕۆژەکە ئەرشیفکردنی پیشەیەکی ونبووە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە کراوە کە پێشتر لبادیان بەکارهێناوە و ئێستاش بەکاری دەهێنن.

وتیشی، “لە هەورامان و شارەزوور و کفری لێکۆڵینەوەکەم کردووە. لە ئێستادا تەنیا یەک کەس لە کوردستان ماوە کاری دروستکردنی لباد بکات ئەویش سەلیم عەلییە لە شاری کفری”.

لباد کەرەستەیەکی سەرەکی بەکارهێنان بووە، بەتایبەت لە میزۆپۆتامیا، ئەناتۆلیا و چەند ناوچەیەکی ئاسیای ناوەند. لباد وەک کەرەستەیەکی پێوستی رۆژانە بەکارهاتووە و لە هەندێک کۆمەڵدا بایەخێکی کولتوری و ئاینیی هەبووە و لە بۆنەکانیاندا بەکاریانهێناوە.

لباد لە خوری مەڕ دروست دەکرێت و هەندێک لەو بەرهەمە کوردیانەی کە لە لباد دروست‌ دەکرێن، بریتین لە لاکێش و ناوجێ، فەرەنجی و پەستەک و کەڕەک و کڵاو و بەڕە.

ڕێناس حەسەن بەکر سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگایەکی بۆ تابلۆکانی لە بنکەی ژین بە شێوەیەکی بەردەوام وتی، “خستنەڕووی ئەم وێنانە هەوڵێکە بۆ تیشکخستنە سەر کارێکی دێرینی پیشەیی، کە هەزارەها ساڵە هێشتا لە کوردستان بەردەوامە و هەیە، بەڵام لە لێواری لەناوچووندایە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ماڵەکەی وەسمان پاشا دروستدەکرێتەوە

ماڵەکەی وەسمان پاشا دروستدەکرێتەوە