کاتی کارکردن لە بەنداوی گۆمەسپاندا - وێنە: socialmedia
95 ملیار دینار
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەنداوەکان: %57ـی بەنداوی گۆمەسپان تەواو کراوە
964+
پێشەوا محەمەد
%57ـی کارەکانی بەنداوی گۆمەسپان لە پارێزگای هەولێر تەواو کراوە و بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم دەڵێت، کارەکانی خێراتر دەکەن.
تێچووی دروستکردنی ئەو بەنداوە 95 ملیار دینارە، کۆتایی ساڵی 2021 دەست بەکارکردن کراوە، بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە، دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆبکاتەوە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بەنداوەکە یەکێکە لە ستراتیژیترین پڕۆژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دەبێت سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێم.
وتیشی، “چاودێریی هەنگاو بە هەنگاوی دروستکردنی بەنداوەکە بە شێوەی پڕۆفیشناڵانە دەکەین”.
بەنداوەکە لەسەر رووبەری شەش ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداوی سەرەکی هەیە و ساڵانە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، دیارترینیان بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان و دهۆکن.
جگە لەوانەش ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کار لە دروستکردنی 17 بەنداوی دیکەدا دەکات.