خۆڵ و خاشاکی سۆران دیمەنی قەزاکەی گۆڕیوە
“بەشێک لە هاوڵاتیان هەراسان بوون”
میدیازان – ئاسۆ سۆران – سۆران
بەهۆی نزیکی شوێنی خۆڵ و خاشاک لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، بەشێک لە هاوڵاتیانی قەزای سۆران هەراسان بوون، ئەوە جگە لەوەی سیمایەکی ناشرینی بە ناوچەکە بەخشیوە.
بە گوتەی چالاکوانانی بواری ژینگە، ئەو ماددانەی لەو شوێنە فڕێدەدرێن ماوەی چهندان ساڵیان پێویستە تاوهكو شیببنهوه.
“جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر ژینگە و شینەبوونەوەی ماددەکان بە ئاسانی، ئەو زبڵخانەیە بۆنی ناخۆشی ههیه و كاریگهری لهسهر تێكچوونی تهندرووستی هاوڵاتیان ههیه، زۆر جاریش بووەته مهترسی بۆ سهر ژیانی كرێكاران كه لهو شوێنه كاردهكهن”، ئیسماعیل باپیر، چالاكوانی بواری ژینگه وای بە میدیازان وت.
شاخەوان جەعفەر، هاوڵاتییەکی قەزای سۆرانە و باس لەوە دەکات، هەرکاتێک بە شوێنەکەدا تێپەڕدەبێت، ئەوا هەست بە بۆنێکی ناخۆش دەکات و ئەو بۆنە بووەتە هۆی هەراسانکردنی خەڵکی ناوچەکە”.
ئەو هاوڵاتییە داوادەکات، لایەنی بەرپرس کۆمپانیایەکی ریسایکلین (دووبارە بەکارهێنانەوە ماددەکان) دروستبکات و “هاوڵاتیان لەو بۆن و بەرامە ناخۆش و سیما ناشیرینە رزگاربکات”.
میدیازان چەندین جار پەیوەندی بە لایەنە بەرپرسەکانی قەزای سۆران کرد بۆ ئەوەی لێدوان لەسەر ئەم پرسە بدەن، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.