لەبارەی گەڕانەوەی ئاسۆ رۆستەم چی وترا؟

یانەی نەورۆز کۆتایی بە کەمپی مەشق و راهێنان هێنا

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

لە دوایین یاری ئامادەکاریدا، یانەی نەورۆز لە یاریگای برایەتیدا بەرامبەر یانەی حدوود یاریکرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە یارییەکەدا وەلی کەریم، تەنیا پلانی بەرگری تاقیکردەوە، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکانی رابردوودا بە هێرشبردنەوە یاریکردبوو و سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.

دوای تەواوبوونی یارییەکە، وەلی کەریمی راهێنەری یانەی نەورۆز لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاند، “کەمپی مەشق و راهێنانمان لە هەولێر کۆتاییهات، سوودی زۆرمان لەم کەمپە بینی، سەرەڕای ئەوەی یارییەکانمان بەهێزبوون، بەڵام ئێمە ئەنجامی یارییەکانمان بەلاوە گرنگ نەبوو، دڵخۆشبووم کە سەرجەم یاریزانەکان یارییانکرد، تاڕادەیەک پێکهاتەی یاریزانەکان دەرکەوتووە”.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاسۆ رۆستەم، وەلی وتی، “ئاسۆ ناگەڕێتەوە یانەکەمان، هۆکارەکەش ئەوەیە نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا بەرزە، ئێمە توانای ئەوەمان نییە سەرو 100 ملیۆن دینار بە یاریزانێک بدەین”.

نەورۆز لە کەمپی مەشقەکەیدا چوار یاریکرد، لە سێ یاریدا براوە بوو تەنیا یەکسانبوونێکی هەبوو.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی