نزیکی زستانە و بازاڕی بۆیلەر گەرمە
هاوڵاتیان ماڵئاوایی لە گیزەری کارەبایی دەکەن
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەهۆی سیستمی کارەبای پێوەری زیرەکەوە خواست لەسەر گیزەری ئاو گەرمکردنی کارەبایی ماڵان زۆر کەمیکردووە، دوکاندارێک دەڵێت، ئێستا خواست لەسەر کڕینی ئەو جۆرە گیزەرەیە کە بە غاز کاردەکات.
گۆران عەبدوڵای فرۆشیار بە 964ـی وت، کارەبای نیشتمانی ماڵان لە 30 ئەمپێر پێکهاتووە، گەر گیزەری کارەبایی پێ دابگیرسێنرێت ئەوا نزیکەی 13 ئەمپێر کارەبای پێویستە، هاوڵاتی ناتوانێت ئامێرە کارەباییەکانی دیکە بەکاربهێنێت.
هەرچی ئەو گیزەرەیە کە بە غاز و پیل کار دەکات، هاوڵاتی کەی بەلوعەی ئاوەکە بکاتەوە ئاوی گەرم هەیە، پێویست بە چاوەڕوانی ناکات و گرفتی کارەباشی بۆ دروست نابێت.
ئەو دوکاندارە دەڵێت، وای لێهاتوە تا یەک گیزەری کارەبایی دەفرۆشرێت نزیکەی 10 گیزەری غازی دەفرۆشرێت.
لە بازاڕی شاری سلێمانی، لە نرخدا هەردووکیان نزیکن لە یەکەوە نرخی گیزەری کارەبایی لە 75 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 230 دۆلار و گیزەری غازی لە 85 دۆلارەوە دەست پێدەکات تا 235 دۆلار.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی