سلێمانی.. دەرھێنانی مۆڵەت دەبێتە ئۆنلاین

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

ھاتوچۆی سلێمانی، لە ساڵی نوێدا فۆڕمی ئۆنلاین بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکات. بەرپرسی بەشی مۆڵەتیش دەڵێ؛ ھاوڵاتیان دەتوانن لەماڵەوە فۆڕمی زانیاری پڕ بکەنەوە.

عەقید شیلان عوسمان، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە ھاتوچۆی سلێمانی بە 964+ی وت؛ لە ساڵی نوێوە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیارییەکان دەبێتە ئۆنلاین، ھاوڵاتییان دەتوانن لە ماڵەوە ئەو فۆڕمە پڕ بکەنەوە و پاشان سەردانیان بکەن.

باسی لەوەشکرد کە رۆژانە مامەڵەی ٣٥٠ کەس کەمتر راناپەڕێنن، رۆژ ھەیە زۆر لەو رێژەیەش زیاتر رادەپەڕێنرێت، رۆژانە تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە دەمێننەوە تا دوا مامەڵە بۆ ھاوڵاتیان رادەپەڕێنن.

لەبارەی ئەو کۆدەی بە ھاوڵاتیان دەدرێت، عەقید شیلان عوسمان وتی:”ئەو کۆدە بۆ دانانی سەرەیە بۆ ھاوڵاتیان، بۆ ئەوەی ھەر کەسێک کۆدی خۆی پێ بێت وکەس پێش کەسی تر نەکەوێت، ئەوەش لەناو سیستمەکەدایە بکرێتە ئۆنلاین و کات و ساتی سەرەکەی خۆتی پێ دەڵێت، بەڵام لێرەدا کێشەیەکمان ھەیە، ئەویش ئەوەیە، ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی شارەکانن و خوێندەواریان نیە ئەوە کێشەیان بۆ دروست دەکات لە سیستمی ئۆنلاین، لەبەر ئەوەیە کاری پێ ناکەین”.

ئەوەشی خستەڕو، لە ٢٧ تشرینی یەکەم ٢٠٢٢ تا ئەم ساتە ١٢ ھەزار و ٦٢١ مامەڵە کراوە بۆ ھاوڵاتیان لە ناو بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی بەوسیستمە نوێیە.