بڕیارە هەڵوەشایەوە

کۆشکەکانی کتێب و رۆژنامە هەڵناگیرێن

964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

بڕیاری هەڵگرتنی کۆشکەکانی کتێب و رۆژنامە لەهەولێر هەڵوەشایەوە و لە خاوەنەکانیشیان وەرناگیرێنەوە.

دوێنی و ئەمڕۆش ئەم بابەتە مقۆمقۆی گەرمی خەڵکی هەولێر بوو، گوایە وەزارەتی شارەوانی ئەو کۆشکانەی سەنتەری شار کە لەلای کۆتری سەلام و دەوروبەری قەیسەری دانراون، لادەبات، بەڵام شارەوانی پاشگەزبووەتەوە.

بە قسەی ئاشتی شێرکۆ کە نزیکەی 30 ساڵە کتێب دەفرۆشێت 10 رۆژ لەمەوبەر پارێزگا ئاگاداری کردوونەتەوە کۆشکەکان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دەخرێنە موزایەدەوە و لێیان وەردەگیرێتەوە، ئەوانیش راستەوخۆ گلەییان گەیاندووتە وەزیری شارەوانی و پارێزگار”.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە 964ی وت، دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە لەگەڵ وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، وا رێککەوتوون بە هیچ شێوەیەک کتێب کۆشکەکان لە خاوەنەکانیان وەرنەگیرێتەوە، سەرەڕای خستنە موزایەدەشەوە.

بە قسەی سەرۆکی شارەوانی رۆژی پێنجشەممە 28ی ئەیلول کتێب کۆشکەکان یاساییانە دەخرێنە موزایەدەوە، بەڵام رێگا نادەن بۆ کەسی دیکە بن و هەر دەدرێنەوە بە خاوەنەکانی ئێستایان.

کۆشکەکانی کتێب و رۆژنامە لە هەولێر هەشت دانەن و بە کرێی مانگانەی 100 دۆلار لەلایەن نەوزاد هادی پاریزگاری پێشووتری هەولێرەوە وەک دیاری پێشکەش بەو کەسانە کراوە،  پێشتر لەسەر شۆستەکان کتێب دەفرۆشرا.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین