قارچک منداڵێکی کوشت و شەش کەسی دیکەی ژەهراوی کرد
964+
دیلان محەمەد جەزا
خێزانێکی حەوت کەسی کە ئاوارەن و خەڵکی شنگالن لە گوندی وڵانەی دەڤەری شارباژێڕی سلێمانی قارچکیان خواردووە و ژەهراوی بوون، شەشیان لە نەخۆشخانە کەوتوون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
ئەوەی گیانی لەدەستداوە منداڵێکی یەک ساڵ و شەش مانگە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش باری تەندروستیان جێگیر نییە.
سامان شێخ لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، “ئەو خێزانە لە بەیتی بەرهەمهێنانی خەیاردا کاریان کردووە، دوێنێ یەکشەممە هەندێک قارچکیان بینیوە و خواردوویانە، سەرەتا کێشەیان نەبووە، بەڵام بۆ شەوەکەی حاڵیان تێکچووە، بەیانی ئەمڕۆ چوونەتە بنکەی تەندروستی عەربەت، پێیان وتوون دەبێت بچنە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، بەڵام بنەماڵەکە پشتگوێیان خستووە”.
وتیشی، نیوەڕۆ چوونەتەوە شارباژێڕ، بەڵام سەرلەئێوارە دیسان حاڵیان تێکچووە و منداڵێکیان گیانی لەدەستداوە، ئێستاش شەشیان لە نەخۆشخانە کەوتوون و لەژێر چارەسەریدان.