ئێستا حاڵیان باشە
964 سێ سەگی نابینا لە دێیەکی دوورەدەستەوە بە شێڵتەرەکانی سلێمانی دەگەیەنێت
964+
هونەر فارس
ئەحمەد فەرەج، دانیشتویەکی قەزای کەلارە و بنەیەکی لە گوندی مەحمود قەجەر لە سنوری ئیدارەی گەرمیان هەیە، بۆ ئاگاداربوون و پاراستنی ماڵەکەی لەو دێهاتە دوورەدەستە سەگێکی راگرتووە، ماوەیەک لەمەوبەر سەگەکەی زاوزێی کردووە و نۆ بێچووی بووە، بەڵام تەنیا یەک دانەی بە ساغی بۆ ماوەتەوە، پێنجیان لەناوچوون و سیانیان نابینان.
سەگە نابیناکانی ماڵی مام ئەحمەد ئێستا گەورە بوون، بەڵام ئەرکی زۆریان خستووەتە سەر شانی و هەفتانە دەبێت چەند جارێک بێتە گوندەکە و خزمەتیان بکات، بەڵام ویژدانی رێگەی نادات مەرەخەسیان بکات.
964 مام ئەحمەدی بەو ئەرکە قورسەوە جێنەهێشت و پەیوەندی بە رێکخراوی هانای ئاژەڵانەوە کرد، ئەوانیش رەزامەند بوون بە لەئەستۆگرتنی ئەو سەگانە و گواستنەوەیان لە گەرمیانەوە بۆ سلێمانی.
ئێستا سەگە نابیناکان لەلایەن رێکخراوی هانای ئاژەڵانەوە ژوورێکیان بۆ دابینکراوە و رۆژانە خواردن و خواردنەوەیان پێدەدرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت، گەر چارەسەر کران دەگەڕێندرێنەوە سروشت و ئەگەریش بێ چارەسەر بوون تا کۆتایی تەمەنیان لەو جێگەیەدا دەمێننەوە.