دیمەنێک لە دەروازەی چوونە ناوبازاڕی سەیدسادق - وێنە: 964
“بە هۆی بایکۆتەوە یوسفی دوو مانگان گیانی لەدەست دا”
964+
محەمەد عومەر – سەیدسادق
منداڵێکی دوو مانگ، کە لە گەڕەکی سەرای سەیدسادق هەناسەتووندی هەبوو، بۆ وەرگرتنی ئۆکسجین بردیانە دوو نەخۆشخانە، بەڵام بایکۆت بوو، سەرئەنجام پێش گەیشتن بە نەخۆشخانەی شۆڕش لە دەروازەی سلێمانی “گیانی لەدەست دا”.
نزیکەی سێ هەفتەیە، زۆرینەی ناوەندەکانی کەرتی تەندروستی لە قەزا و ناحیەکانی ئەو پارێزگایە داخراون و بەهۆی پێنەدانی موچە کارمەندان دەوام ناکەن، هەناسەتووندی و گیانلەدەستدانی یوسف هەورامان-ی تەمەن دوو مانگیش لە ئێوارەی رۆژی21.9.2023 ی ئەم مانگە روویداوە.
ئەمڕۆ شەممە 23.9.2023، ئاریان حوسێن، مامی یوسف هەورامان بە 964ی وت، “عەسرێکی درەنگ بوو کە منداڵەکەمان هەناسەتووندی هەبوو، بردمانە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، بەڵام جگە لە پاسەوانێک هیچ کەسێکی دیکەی لێنەبوو، ناچار کەوتینەڕێ بۆ سلێمانی”.
وەک مامی ئاریان دەیگێڕێتەوە، ئەوان لەسەر رێگاکەیان بۆ ئەوەی زووتر ئۆکسجین بدەن بە منداڵەکەیان، چوونەتە نەخۆشخانە حکومییەکانی عەربەت، بەڵام وەک نەخۆشخانەکانی دیکە کارمەندان لە دەوام نەبوون.
ئاریان حوسێن ئاشکرای کرد، “تا گەیشتوون بە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی، منداڵەکە گیانی لەدەستداوە”.
لەمەوبەدوا کچان و کوڕانی دەڤەرەکە لە سەیدسادق پشکنینی هاوسەرگیری دەکەن
بە وتەی مامی منداڵەکە بێت، “یوسف هەورامان پێشتر، جارێک هەناسەتووندی هەبووە، کاتێک بردوویانە بۆ نەخۆشخانە لە ژێر ئۆکسجیندا دۆخی تەندروستی ئاسایی بووەتەوە”.
مامی بە نیگەرانییەوە بە 964ی وت، “هەرچەندە مردن و ژیان بەدەست خوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆکسجین بەردەست نەبوو، هۆکار بوو بۆ ئەوەی منداڵەکە گیان لەدەست بدات”.
کەسوکاری یوسف هەورامان تا ئامادەکردنی ئەم چیرۆکە هەواڵە سکاڵایان لەسەر هیچ دامەزراوە و کەسێک تۆمار نەکردووە.
لە بارەی گیانلەدەستدانی یوسف، دکتۆر سەرکان ئەحمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بۆ 964 ئەوەی روونکردەوە، ” سەرجەم کارمەند و پزیشکانیان بایکۆتیان کردووە، بەڵام چەند خۆبەخشێک لە بەشی فریاکەوتنی خێرا(تەواری) دەمێننەوە بۆ حاڵەتی کتوپڕ، بەڵام لە دوای کاتژمێر 12 شەو ئەوانیش دەڕۆنەوە”.
بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت بێت، “هیچ زانیاریەکی تۆمارکراو لە نەخۆشخانەکەیان لەبارەی دۆخی یوسف بەردەست نییە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا