هەژمار هەیە بایی 5000 دۆلارە
لە چایخانەیەکی سلێمانی کڕین و فرۆشتن بە یاری ئەلیکترۆنی دەکرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەم نیوەڕۆیە لە یەکێک لە چایخانەکانی نزیک بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دانیشتم و بینیم ژمارەیەک هاوڵاتی بە دیار مۆبایلەکانیانەوە دانیشتبوون و مشتومڕیان بوو.
دوای نزیکبوونەوە لێیان زانیم سەرقاڵی یاریکردنن بە سلۆتۆمانیا و کۆکردنەوەی پارە لەو یارییەدا، لە پاڵ ئەوەدا کڕین و فرۆشتن بە هەژمارەکانیانەوە دەکەن.
عومەر حاجی یەکێک لەو کەسانەی یاری دەکرد بە 964ـی وت، “ئەمە نەخۆشییەکە تیاماندا بڵاوبووەتەوە و زیاد لە 10 ساڵە ئەم یاریە دەکەم”.
بەردەوام پارە کۆدەکاتەوە و هەژمارەکەی دەفرۆشێت، ئەو هەژمارەی ئێستا پێیەتی نرخەکەی لە 700 دۆلاردایە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا هەژمارێکی هاوشێوە بە نزیکەی پێنج هەزار دۆلار ماڵەی پێوە کراوە.
یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لەو چایخانەیە دانیشتبوو ناوی دیاری عەباس بوو، باسی لەوەکرد، لە کڕین و فرۆشتنی ئەو هەژمارانە زۆر زەرەرمەند بووە، تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار دۆلاری لەدەستداوە، لەبەرئەوەی بەردەوام نرخەکانی بەرز و نزم دەکات.
هیچ پێوەرێک نییە بۆ بەرز و نزمی نرخەکان
پرسیارم لەبارەی هۆکاری بەرز و نزمی نرخەکانیەوە کرد و لە وەڵامدا وتی، “هیچ پێوەرێک نییە بۆ بەرز و نزمی نرخەکان، کۆمەڵێک بە دڵی خۆیان بەرز و نزمی پێدەکەن و هیچی تر”.
وتیشی، “داوا لە هاوڵاتیان دەکەم هەرگیز ئەو یاریانە بەکارنەهێنن، لەبەرئەوەی وەک ئالودەبون وایە، ئەوەی فێری ببێت بە هیچ پێی تەرک ناکرێت و چی دەست بکەوێت دەیدات بە یاریەکە”.
شێوازی یاریەکە بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر پێویستی بە پارەی راستەقینە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانیت ئۆفەرەکانی بەدەستبهێنیت، گەر بێ پارە یاری پێ بکرێت بە ماوەیەکی درێژخایەن ئاستەکەی بەرز دەبێتەوە، زۆرجاریش ئیفلاسبوونی تێدایە.
محەمەد حەمەڕەشید شارەزای بواری یاریە ئەلەکترۆنیەکان بە 964ـی وت، یاری سلۆتۆمانیا یەکێکە لەو یاریانەی دەچێتە قاڵبی قومارکردنەوە و کەسانێک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن، خەڵک هەیە نزیکەی بایی چوار هەزار دۆلاری کڕیوە و بەزووی دۆڕاندوویەتی، چونکە بە بەخت یاری دەکرێت.
لە یاریەکەدا کۆین هەیە هاوشێوەی قومار
لە یاریەکەدا کۆین هەیە هاوشێوەی قومار، دەتوانیت کۆین بکڕیت یاخود رۆژانە بەخۆڕایی یاریەکە کۆینت پێدەدات، بەڵام زۆر کەمە و سوودی لێنابینرێت.
لەناو یاریەکەدا نزیکەی 100 جۆری چالاکی هەیە و هەریەک بە شێوەیەکە، دەستی پێدادەنێیت چەرخەکە دەخولێتەوە و خۆت و بەختت کۆینت بۆ دەردەچێت یاخود کۆینت لێدەڕوات، هەندێک کەس پارەی لێدەدات و کاتێک پێی دەزانێت پارەیەکی زۆری رۆیشتووە.
رێژەی یاریە ئەلیکترۆنیەکان زۆرن کە پێویست بە پارە دەکات بۆ بەکارهێنانیان، دیارترینیان لە کوردستان بریتین لە سلۆتۆمانیا، پەبجی و هەشت پوول.
بەرز و نزمی نرخی ئەو هەژمارانەی کۆینیان زۆرە بەپێی خواستی بەکارهێنەرانە، ئێستا نرخی یاری سلۆتۆمانیا دابەزیوە، جاری وا هەیە ئەپدەیتێک بۆ یاریەکە دێت، بەهۆیەوە بازاڕی بەرز دەبێتەوە، ئەگینا هیچ پێوەرێک نییە بۆ نرخەکەیان و لەنێوان کۆمەڵێک هاوڵاتیدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.