بەشی بەڵگەی تاوان لە دادگای زاخۆ کرایەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دادگای زاخۆ بەشی بەڵگەی تاوانی کردەوە، ئەو بەشە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، لە دیاریکردنی شوێن پەنجە، مۆڵەتی پێدانی چەک کە پێشتر لە دهۆکەوە بڕیاریان لە بارەیەوە دەدا.
پێشتر، دادگای زاخۆ بۆ هەموو رووداوێکی گوماناوی و نەبوونی بەڵگەی پێویست، کەیسەکانی رەوانەی دهۆک دەکرد و بەمەش کاتێکی زۆری پێدەچوو تا ئەنجامی لێکۆڵینەکان ئاشکرادەبوون و دەگەیشتنە دادگای زاخۆ، چیتر لە زاخۆ لێکۆڵینەوە بۆ ئەم جۆرە کەیسانە دەکرێت و پێویستیان بە دهۆک نابێت.
لە زاخۆ تاقیگەیەک بۆ شرۆڤەکردنی دەنگ کرایەوە
ئەمرۆ پێنجشەممە 21.9.2023، ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964 ی وت، “هەر رووداوێک تاوانبارەکەی دیارنەبێت، کوشتن یان دزی بێت، یان هەر رووداوێکی شاراوە، ناچار دەبووین کەیسەکە رەوانەی دهۆک بکەین، بۆ ئەوەی لیکۆڵینەوە لەو دۆسیە بکرایە، بەڵام ئیتر لیژنە لە زاخۆ پێکدەهێنرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوە پێدەچێت لە 24 کاتژمێر دەربچێت”.
بوون بە ئیداری سەربەخۆ هۆکاری سەرەکی بووە تا ئەوە بەشە لە قەزاکە بکرێتەوە، ئەحمەد رەمەزان دەڵێت، جیاواز لە دیاریکردنی شوێن پەنجە، مۆڵەتی چەک، مۆڵەتی دامەزراندنی رێکخراوە حکومییەکان و ناحکومیەکان لەهەمان بەش بەو کەسانە دەدرێت کە داواکاری پیشکەش دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا