دیمەنی چەند ساتێک پاش تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
دژە تیرۆر: لە هێرشەکەدا سێ هەڤاڵمان شەهید بوون
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) دەڵێت، لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەی عەربەتدا سێ ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە و سیانی دیکەش بریندار بوون.
دەشڵێت، رووداوەکە هێرش بووە و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.
دەقی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG):
ئەمڕۆ دووشەممە 18.9.2023، پاشنیوەڕۆ فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون.
وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵەکانمان هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و بۆ هەموولایەکیشی رووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی وردمان لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردووە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا، بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکار بووبیت رووبەڕووی سزای یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات.
بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیارییەکان بە شاراوەیی دەهێڵینە وەو لەداهاتوودا راستتیەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەین.
هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان، سەرشۆڕی و مەرگ بۆ نۆکەران و خیانەتکاران و ناحەزانی گەلەکەمان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان_CTG