باخی گشتی سلێمانی. وێنە:964
پۆلیسی سلێمانی: دیاردەی نەشیاو لە باخی گشتی نەماوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەهۆی پەراوێزخستنی باخی گشتی، لەناو خەڵکدا وا بڵاوبوو کە لەو باخەدا چالاکی هاوڕەگەزخوازی دەکرێت، بەڵام پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، “لەوەتەی نۆژەنکراوەتەوە هیچ حاڵەتێکی نەشیاو رووینەداوە”.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەردەوام هێزی پۆلیس و ئاسایش بە جل و بەرگی سەربازی و مەدەنیەوە لەناو باخی گشتیدا دەگەڕێن بۆ رێگرتن لە هەر دیاردەیەکی نەشیاو لەناو باخەکەدا.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش دەڵێت، “تا ئەم ساتە هیچ حاڵەتێکی کاری بەدڕەوشتی لەناو باخی گشتیدا رووینەداوە، شەو تا بەیانی هاوڵاتیان بێ ترس دەتوانن سەردانی باخەکە بکەن”.
لەسەر ئەم بابەتە کامەران قەرەداغی بەرپرسی کارە هونەرییەکانی باخی گشتی بە 964ی وت، “لە رابردوودا بەهۆی ئەوەی گڵۆپەکانی ئەو باخە بەشی زۆری سووتابوون، چەندین کاری نەشیاوی تیادا دەکرا و جێگای مەی خواردنەوە بووە، بەڵام ئێستا رووناکی بۆ دابینکراوە و چاودێری تەواوی لەسەرە”.
باخی گشتی لەساڵی 1937 دروستکراوە و ساڵی پار دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی و شەش مانگ بەر لە ئێستا بە نۆژەنکراوی دووبارە بە رووی هاوڵاتیان کرایەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی