نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار. وێنە :964
تایبەت بوو بە سکچوون و رشانەوە
نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا نێردرانە ماڵەوە و داخرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە، کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا لە گەرمیان بایکۆتیان راگەیاند و نەخۆشخانەکەش داخرا.
نەخۆشخانەی قەڵا تایبەت کرابوو بە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە، 25 حاڵەت لە نەخۆشخانەکە ھەبوون ئەمڕۆ نێردرانەوە ماڵەوە.
یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا بە 964ـی وت، “نەخۆشەکان ئیزن دران و نێردرانەوە ماڵەوە و قوفڵ لە دەرگای نەخۆشخانەکە درا.”
بەھۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە، ھەریەک لە نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، نەخۆشخانەی قەڵا ، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار، فەرمانگەی قەرزی بچووک، شارەوانییەکانی گەرمیان، بانکی خانووبەرە و دادگای بەرایی کەلار بایکۆتی دەوامیان کردووە و 964 دەزانێت بەشێکی تر لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی گەرمیان دەوامیان کردوە بە چەند رۆژ جارێک.
حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا بە 964ى وت، “کارمەندانی فەرمی تەندروستی و خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا بایکۆتی دەوامیان کردووە و ناچار بوون کە نەخۆشخانەکە دابخەن.”
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەمڕۆوە ھیچ حاڵەتێکی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەکە وەرناگیرێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد