دوو رۆژە کارمەندانی شارەوانییەکانی گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کردووە
964+
هونەر فارس – گەرمیان
لە هەفتەی یەکەمی مانگی نۆ نزیک دەبینەوە، بەڵام تا ئێستا فەرمانبەران موچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتوە، بەوهۆیەوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکانی گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کرد.
فەرمانبەرانی شارەوانی گەرمیان ژمارەیان نزیکەی 100 فەرمانبەر دەبێت و دوو رۆژە نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان.
دوو لەو فەرمانبەرانە قسەیان بۆ 964 کرد، وتیان، “بە گیرفانی بەتاڵەوە دەوام ناکرێت، ئێمە هەقمان بە لیستی موچەوە نییە تاکو موچەی شارەوانییەکان دابەشنەکرێت ناچینەوە سەر کارەکانمان”.
بایکۆتکردنی فەرمانبەرانی شارەوانییەکانی گەرمیان کاریگەری لەسەر رایکردنی ئیش و کاری ئەو هاوڵاتیانە هەیە کە رۆژانە بەمەبەستی مامەڵەی پرۆژە و زەوی و زارەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن.
964 دەزانێت، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی گەرمیان 17 شارەوانی دیکەی لەسەرە، بەڵام تەنیا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بایکۆتی دەوامیان کردووە و شارەوانییەکانی دیکە دەوام دەکەن.
نزیکەی هەفتەیەکە فەرمانبەرانی نوسینگەی قەرزی بچوک لە گەرمیان بە هەمان شێوەی شارەوانیەکان بایکۆتی دەوامیان کردوە و نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر