تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ ئاوارە کەرکوکییەکانی هەرێم گەڕایەوە

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

ئاوارە کەرکوکییەکانی هەرێمی کوردستان لەمەودوا رێگەیان پێدەدرێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی دەرەکی لە شارەکەی خۆیان، پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت، ٢٥ی کانونی یەکەم دوا وادەیە بۆ ناو تۆمارکردن.

ئەو قوتابیانەی دانیشتووی شاری کەرکوک بوون و لە سەردەمی رژێمی بەعس و ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، رێگەیان پێنەدەدرا تاقیکردنەوەی دەرەکی لە کەرکوک ئەنجامبدەن.

شێخ سەباح شێخ حەبیب، نوێنەری شاری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە بە 964+ی وت؛ ئەو کێشەیە کۆتایی پێهات و لە ئێستادا دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

“سەردانی وەزیری پەروەردەی عێراقم کردووە و رەزامەندیم وەرگرت کە بۆیان هەیە بەشداری تاقیکردنەوەی دەرەکی بکەن بۆ ئەمساڵ بەبێ هیچ کێشەو گرفتێک، بەڵام بە مەرجێک دەبێت کارتی زانیاریان شاری کەرکوک بێت،” شێخ سەباح شێخ حەبیب وای وت.

بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەهۆی رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، ئەو کاتە زیاتر لە ١٦٨ ھەزار کەس لە کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری ئاوارەبوون و  پەنایان بۆ پارێزگاکانی ھەولێر،سلێمانی و دھۆک ھێناوە.

لەکۆی ١٥١ هەزار و ٢٧٣ خوێندکار، نزیکەی سەدا ٨٠ـیان بەهۆی پەلامارە سەربازییەكەی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاوارە بوون.

نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق: