گرافیکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان
هاتوچۆی دەربەندیخان ناتوانێت رووداوەکانی سنوورەکەی بڵاوبکاتەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
وەک پێشتر پێگەی فەرمی هاتوچۆی دەربەندیخان لە فەیسبووک رووداوە کتوپڕەکان بڵاوناکاتەوە، هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی پێی وتوون، “رووداوەکانی هاتوچۆ و کتوپڕەکان بۆ ئێمە بنێرن”.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەو پێگەیە کە نوێنەرایەتی کەرتی هاتوچۆی قەزای دەربەندیخان دەکات، جگە لە هۆشیاری و چالاکی رۆژانە، هیچ بڵاوکراوەیەکی لەسەر رووداوەکانی هاتوچۆ و رووداوە کتوپڕەکانی دیکە نەبووە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هاتوچۆی قەزاکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964 وت، “ھۆکارەکەی بۆ پۆستێکی پێگەی فەرمی ھاتوچۆی دەربەندیخان لە فەیسبووک دەگەڕێنێتەوە لە 1.8.2023، کاتێک بەھۆی نۆژەنکردنەوەی رێگای بەردەم تونێلەکە، رێگای سەرشاخی بەرانان بەکارھێنرا بۆ ھاتوچۆ و بەھۆی رووداوێکی ھاتوچۆ پێنج کەس گیانیان لەدەست دا”.
لەسەر ئەو رووداوە، لە پۆستێکی پێگەی فەرمی هاتوچۆی دەربەندیخان رەخنە لە بڕیاری داخستنی رێگای تونێلەکە و بەکارهێنانی سەرشاخ گیرا، ھاتوچۆی قەزاکە وتی، “زۆرمان ھاوارکردووە تونێلەکە دانەخرێت، بەڵام گوێمان لێنەگیرا”.
دانیشتووانی دوو ناوچەی سلێمانی کێشەی هاتوچۆیان هەیە
بەھمەن عەبدوڵا، وتەبێژی ھاتوچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 12.9.2023 بە 964ی وت، “پۆستمان لێ قەدەغە نەکردوون، تەنیا بە ھاتوچۆی دەربەندیخانمان وتوە ھەر رووداوێک لە سنوورەکەیاندا روویدا بۆ ئێمەی بنێرن، ئەگەر پێویست بوو لە پەیجی ھاتوچۆی سلێمانیدا بڵاوی دەکەینەوە”.
پەیامنێری964، چەند جارێک پەیوەندی بە جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیانی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا