بەهۆی دواکەوتنی موچە بازاڕی جلوبەرگی قوتابیان کزە

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ژمارەیەک لەو دوکاندارانەی کە لە بازاڕی داون تاونی هەولێر جلوبەرگی قوتابیان دەفرۆشن دەڵێن، بەهۆی ئەوەی موچە دواکەوتووە بازاڕیان کز بووە.

دیدار عەبدوڵا دوکاندارە لەبازاری داون تاون بۆ 964 قسەیکردووە دەڵیت، هەموو دوکاندارەکان جل و بەرگی قوتابیانیان هێناوە و نرخەکانیش گونجاون، بەڵام بازاڕەکە کزە و لەبەر نەهاتنی موچە خەڵک دێت بەس پرسیاری نرخەکەی دەکات.

لەبازاڕی جل و بەرگ فرۆشی قوتابیان، قەمیس بە پێنج هەزار دینارە تا 15 هەزار دینارە، پانتۆڵیش لەنێوان هەشت هەزار تا 20 هەزار دینارە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، قوتابیانی پۆلی یەکەم تا شەشەم قەمیسی سپی و پانتۆڵی رەساسی لەبەردەکەن، لە پۆلی حەوتەم تا نۆیەم قەمیسی سپی و پانتۆڵی نیلی، لەپۆلی 10 تا 12 ئامادەیی قەمیسی سپی و پانتۆڵی رەش، بۆ کچان وکوڕان لەبەر دەکرێت.

بە گوێرەی راپۆرتی سیستمی دیجیتاڵی وەزارەتی پەروەردە، تا ئەمڕۆ ژمارەی ئەو قوتابیانەی کە بۆ یەکەمجار تۆمارکراون لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی گەیشتە 156 هەزار و 541 قوتابی و زۆرترینیان لە هەولێر تۆمارکراون بوون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی