سەیدسادق دەستووری بۆ وەرزش دانا

964+
ئەحمەد مستەفا

وەرزشوان و تیپە میللییەکانی قەزای سەیدسادق دەستووریان نووسیوە، سزا، پاداشت و هەنگاوە وەرزشییەکانی قەزاکەیان بەبێ ئەو دەستوورە بەڕێوە نابەن.

بڕیارە سبەی یەکشەممە بە فەرمی بڵاویبکەنەوە، 44 تیپی میللی لەسەر ئاستی پلە یەک، دوو و سێ بەشدارییان لە دانانی بڕگە و ماددەکانی دەستوورەکە دا کردووە، کە “وەک کارنامەیەک پێوەی پەیوەست بن”.

ئەمڕۆ شەممە (9.9.2023) رزگار مەحمود، سەرۆکی لیژنەی تیپە میللییەکانی قەزای سەیدسادق بە 964ی وت، ” ئەم دەستوورە بۆ ئەوە دانراوە، کە سەرجەم گرفتەکان نەهێڵێت، لە رێکخستنی خول و مەشق تا سزادان و پاداشت”.

وتیشی، “ئەگەر هەر گرفتێک لە دەستوورەکەدا هەبێت، یان توانای چارەسەری کێشەیەکی نەبوو، ئەوا بە کۆی دەنگی تیپەکان هەمواری دەکەنەوە، رای پسپۆر و شارەزایانی یاسایی و وەرزشی بۆ وەردەگیرێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسای وەرزشی لە دامەزراوە فەرمییەکانی وەرزشدا نییە و بە یاسا کۆنەکانی زەمەنی حزبی بەعس کاردەکەن، بەڵام تەنیا رێنمایی تازەیان بۆ داناوە.