تیمێک سەرقاڵی لێدانی بیرن لە یەکێک لە گوندەکانی هەولێر. وێنە:ئاوی دەوروبەری هەولێر
لە دەوروبەری هەولێر 58 بیر وشکی کردووە
964+
فەهمی نەبی
لە دەوروبەری شاری هەولێر ژمارەی ئەو بیرانەی ئەمساڵ وشکیان کردووە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 58 بیر، زۆرترینیان لە قوشتەپەن.
رێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ 964 وتی، لە قوشتەپە هەر بیرێک لێدەدرێت دەگاتە نزیکەی 680 مەتر تا دەگاتە ئاو، ئەمڕۆ پێنجشەممە بیرێک لێدراوە سەرووی 650 مەتر بووە، ساڵ بەساڵ دۆخی ئاو خراپتر دەبێت، ساڵی داهاتوو لەم ساڵ خراپتر دەبێت.
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ئەوەشی وت، “سەرەتای هاوین داوامان کردبوو پارەمان بۆ لێدانی 40 بۆ دابین بکەن، کە پێشتر وشکی کردبوو، بەڵام ئەم هاوینە رێژەکە گەیشتە 58 بیر، لەو ژمارەیەدا تەنیا توانیومانە نیوەی بیرەکان لێبدەینەوە، لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست نەمانتوانیوە هەموو بیرەکان لێبدەینەوە، زۆربەی ئەو بیرانە دەکەونە قوشتەپە، شەمامک، گوێڕ، دیبەگە و هەریر”.
سەبارەت بە پلانی جێگرەوە، رێزان سەعدی دەڵێت، دەبێت لەمەودوا پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەسترێت، بەڵام تێچووی زۆرە، ئەگەر بمانەوێت لە زێی قەشقەوە ئاو بهێنێن بۆ پڕۆژەیەک لە قوشتەپە، کە 35 کیلۆمەتر دوورە، بە مەزەندەی ئێمە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە 150 ملیار دیناری پێویستە.
یەک بیری ئێستا تێچووەکەی سێ بیری پێشترە، تا هاوڵاتیان نەگەنە ئەو باوەڕەی کە ئاو بپارێزن، کەمبوونەوەی ئاو رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت، ئەمەش وتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێرە.