هەر چوار شارەکەی کوردستان ئامادەن بۆ یاری کۆتایی

+964

بەشی کوردی

لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ئامادەکاری بۆ سەیرکردنی یاری کۆتایی جامی جیهان دەکەن. لە هەولێر لە ئیسکان، لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، پارکی نەورۆز لە دهۆک و شەقامی ناو بازاڕ لە هەڵەبجە.

پەیامنێرمان لە ئیسکان دەڵێ؛ لە کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ شەقامی ئیسکان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل داخراوەو ئاڵای سەرجەم وڵاتە بەشدارەکانی مۆندیال هەڵواسراوە، پۆلیسی هاتوچۆ شەقامی ٦٠ مەتریان داخستووە.

زیاتر وتی؛ تەواوی کافتریاو چایخانەکان، شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان خستۆتەسەر یاری مۆندیال، بەتایبەت چایخانەی شەعب کە زیاتر لە ١٠ شاشی گەورەی ئامادەکردووە.

مەریەم ئەحمەد، پەیامنێری +964 ئەوەشی خستەروو کە هێزێکی ئەمنی زۆر لە ئیسکان بڵاوەیان پێکراوە بۆ پارستنی ئەمنیەتی شەقامەکە.

هاوکات ئاودێر عومەر، پەیامنێری +964 لە سلێمانی  کە ئێستا لە کافتریای مۆکامۆرە بە تەنیشت پارکی ئازادی دەڵێ؛ تەواوی ئامادەکارییەکان لەو کافتریایە کراوەو هاندەرێکی ئێجگار زۆری هەردوو هەڵبژاردەی فەڕنسا و ئەرجەنتین تێیدا ئامادەن، وتی “لە کۆاتیی هەموو یارییەک خەڵات بۆ ئامادەبووان ئامادە کراوە کە دەستبەجێ دوای یارییەکە تیروپشک دەکرێت”.

هەوەها محەمەد عومەر، پەیامنێری +964 لە هەڵەبجە، کە ئێستا لە شەقامی ناو بازاڕە، دەڵێ؛ ژمارەیەکی زۆر چایخانەو کافتریا ئامادەکارییان بۆ گواستنەوەی یاری کۆتایی مۆندیال لەنێوان ئەرجەنتین و فەڕەنسا کردووە، وتی “پەیتا پەیتا جەماوەری وەرزشی و وەرزشدۆستان  لە چایخانەو کافتریاکان کۆ دەبنەوە”.

هیڤی دێوالی، پەیامنێری +964 لە دهۆک دەڵێ؛ جگە لەوەی وەک رۆژانی رابردوو لەناو پارکی نەورۆز لەناو بازاڕ ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢ـی قەتەڕ دەکرێت، ئەوا کافتریای گەردوون لە گەڕەکی بەرۆشکێ هەیە کە خۆی یەکلایی کردۆتەوە بۆ هاندەرانی ئەرجەنتین، وتی “ئەوەی هاندەری ئەرجەنتین نەبێت رێگە نادات بچێتە ژوورەوە”.

بڕیارە کاتژمێر شەشی ئەمشەو بەکاتی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و فەڕنسا لە یاری کۆتایی مۆندیالی قەتەڕی ٢٠٢٢ رووبەڕووی یەک ببنەوە، هاوکات دوێنێ کرواتییەکان لەسەر حیسابی مەسپە رەشەکەی مەغریب، توانیان پلەی سێیەمی مۆندیال بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.