سیروانی نوێ سەرکەوتنی بەسەر شۆریجەدا نوێکردەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە یاری گەڕانەوەی خولی لاوانی کوردستان، یانەی سیروانی نوێ بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردنەوەی بەسەر شۆریجەدا تۆمارکرد و بەو ئەنجامەش سیروان گەیشتە یاری کۆتایی خولەکە.

لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی تۆپی پێی لاوانی یانەکانی کوردستان، یانەی سیروانی نوێ لەسەر یاریگای خۆی میوانداری شۆریجەی شاری کەرکوکی کرد، یاری چوون بە سوودی یانەی سیروان کۆتایی هاتبوو، هەربۆیە تایمی یەکەم یاریزانانی هەردوولا بەهێرشبردن دەستیان بە یاری کرد، لە خولەکی 43 یانەی خاوەن یاریگا لە رێگەی ئەیاد دیاریەوە گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد.

تایمی دووەم یارییەکە ئاستێکی بەرزتری بەخۆوە بینی، ئارام سالار لە خولەکی 55 ئەنجامەکەی بۆ شۆریجە یەکسانکردەوە، دواتر یانەی سیروانی نوێ لە رێگەی بوار دلاوەرەوە گۆڵی دووەمیان لە خولەکی 69 تۆمارکرد، جارێکی تر ئارام سالار بووە فریادرەسی شۆریجە و لە خولەکی 75 ئەنجامەکەی هاوسەنگ کردەوە، یانەی سیروانی نوێ خۆی نەدا بەدەستەوە و پێش تەواوبوونی یارییەکە بە چوار خولەک ئەیاد دیاری گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکەش بە سێ گۆڵ بەرامبەربە دوو گۆڵ لە سوودی یانەکەی شاری سلێمانی کۆتایی هات.

بە ئەنجامی هەردوو یارییەکەش سیروانی نوێ گەیشتە یاری کۆتایی خولەکە کە رووبەڕووی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هاوشاری دەبێتەوە.