خەرجییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ دەرمان دوو هێندە زیادیکردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

خەرجییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ کڕینی دەرمان بۆ توشبووانی شێرپەنجە دوو هێندە زیادیکردووە، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت، ساڵ بە ساڵ لۆدی سەر نەخۆشخانەکە زیاد دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.9.2023، د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو 60 ملیار دینار خەرجکراوە بۆ کڕینی دەرمان، بەڵام تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا 70 ملیار دینار دراوە بە کڕینی دەرمان.

“نەخۆشخانەی هیوا بەم رووبەر و توانایەی کە ئێستا هەیەتی، ناتوانێت وەڵامی هەموو پێداویستییەکانی ئەو نەخۆشانە بداتەوە کە روو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن، ئەگەر تەنیا نەخۆشی سنووری سلێمانی وەربگرتایە، ئەوە بە کوالیتییەکی زۆر بەرزتر خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکران”، د. سەباح نەسرەدین وای وت.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی، ژمارەی سەردانیکەران بۆ نەخۆشخانەی ھیوا بۆ وەرگرتنی چارەسەر رووی لە زیادبون کردووە و بۆیە نەخۆشخانە پێویستی بە پشتیوانی و ھاکاری زیاتر ھەیە بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و نۆژەندەکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ھەزار و 508 توشبووی نوێی شێرپەنجە، تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی سلێمانی تۆمارکراون.

لە کۆی ئەو ھەزار و 508 توشبووەی شێرپەنجە، 238یان شێرپەنجەی مەمکن، 153 شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە، 97 شێرپەنجەی سییەکان، 93 شێرپەنجەی لیمفۆما، 91 شێرپەنجەی میز و میزەڕۆ، 85 شێرپەنجەی پڕۆستات، 63 شێرپەنجەی لۆکیمیا 62 شێرپەنجەی مێشک، 55 شێرپەنجەی گەدە لەگەڵ 571 تووشبووی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە.