هەڵەبجە دەیەوێت سنوورەکانی فراوان بکات و چەند ناوچەیەکی دەربەندیخان دەبات
964+
توانا نەقی
لیژنەیەک لە چەند وەزارەتێک پێکهێنراوە بۆ فراوانکردنی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سەردانی دەربەندیخانیان کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو ناوچانە کە دەیانەوێت بە تەواوەتی بچنە سەر هەڵەبجە.
لیژنەکە نوێنەری هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، پلاندانان، شارەوانی و پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی تیادایە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، لیژنەکە سەردانیان کردوون و ئاگاداریان کردووەنەتەوە لەو گۆڕانکاریانە، بەڵام وەڵامی ئەوان ئەوە بووە بۆ هەر ناوچەیەک و تەنانەت دەربەندیخان خۆیشی دەگەڕێنەوە بۆ خەڵکەکەی چییان پێباش بوو با ئەوان بڕیار بدەن.
وتیشی، ناوچەکانی شەمێران و ناوچەی تاوەگۆزی لە رووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە سەربە دەربەندیخانن، بەڵام لە رووی نفوسەوە سەر بە هەڵەبجەن ئەوان دەیانەوێت بە تەواوەتی بیگوازنەوە سەر پارێزگای هەڵەبجە.
قایمقام دەڵێت: ئێمە کوێ زیاتر خزمەتمان بکات دەچینە سەر ئەو پارێزگایە، دواجاریش ئەوە پێویستی بە راپرسی هاوڵاتیانی شارەکە هەیە، ئێستا دەربەندیخان لە لایەن پارێزگای سلێمانییەوە کەمترین خزمەت دەکرێت و وەک پێویست ئاوڕمان لێ نادەنەوە.
پارێزگای هەڵەبجە لەرێگەی ئەو لیژنەیەوە دەیەوێت سنوری پارێزگاکە رێکبخاتەوە و هەندێک شوینێشی بۆ زیاد بکات، بۆیە سەردانی دەربەندیخانیشیان کردووە نزیکترین شوێنە لە پارێزگاکەوە زۆر بەی ناوچەکانیان هاو سنوورن بەیەکەوە.