هیچ خۆپیشاندەرێکی رەحیماوا و شۆراو لە بەندیخانە نەماون

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون لە خۆپیشاندانەکەی رەحیماوا و شۆراوی کەرکوک ئازاد کران.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە دواین دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکە ئازادکرا و بە پێی سۆراغی 964 یەکێک لە دەستگیرکراوەکان نابینایە و پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکەوە نەبووە.

نەوزاد ستار سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان بە 964ـی وت، دوای خۆپیشاندانەکان دەست بەجێ تیمێکی خۆبەخش لە پارێزەران پێکهێنرا توانیمان بە چەند قۆناغێک ئازادیان بکەین.

وتیشی، دواینیان چوار خۆپیشاندەر بوون ئێوارەی دوێنی سێشەممە ئازاد کران، ژمارەی دەستگیرکراوەکان 39 خۆپیشاندەر بوو، لە ئێستادا هیچ خۆپیشاندەرێکی کورد لە سەر خۆپیشاندانەکانی رەحیماوا و شۆراو لە بەندیخانە نەماوە.

“ئەوەی جێگای داخە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان نابینایە لە گەڵ ژمارەیەک رەفیقی چووە بۆ هەڵکەندنی گۆر بۆ ئەو چوار خۆپیشاندەرەی گیانیان بەخشی بوو لە کاتی گەڕانەوەی لە نزیک گۆرستانی رەحیماوە لە لایەن هێزە ئەمنیەکان بە بیانووی پشێوی دەستگیر کرا بوو” نەوزاد ستار وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی