لەسەر دزینی نەوتی ئاوارەکانی کەرکوک درانە دادگا
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
تیمێكی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركوكی دەستەی دەستپاكی عێراق وردبینی بۆ لیستی ناوی خێزانە ئاوارەكان كردووە كە ساڵی رابردوو لە ماوەی ٤٩ رۆژدا نەوتیان بۆ دابینكراوە، دەرکەوتووە زۆربەی ناوەکان ساختەن.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك بە 964+ی راگەیاند، بە تۆمەتی ساختەکردن لە لیستی ناوی ئەو ئاوارانەی كەركوك کە بۆ وەرگرتنی نەوت تۆمارکرابوون، دەستەی دەستپاكی ناوی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی دابەشكردنی نەوتی کەرکوکی داوە بە دادگا.
دادگای کەرکوک رۆژی ٣٠ی مانگی رابردوو بانگهێشتی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکەی کردووە، بەڵام هیچیان بەسەردا ساغ نەبۆتەوە، بۆیە بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار هەمان رۆژ ئازاد کراون، سەرچاوەکەی 964+ وای وت.
دەستەی نەزاهە دەڵێت، ناوەكانی لیستەکەیان لەگەڵ ناوەكانی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران بەراوردکردووە و دەركەوتووە زۆرینەی ناوەكان ساختەو نادیارن.
ئەوانەی لەلایەن دەستەی نەزاهە تۆمەتبارکراون سێ کەسن، سەرۆکی لیژنەی دابەشكردنی نەوتی کەرکوک کوردە و دوو ئەندامەکەی دیکە یەکێکیان تورکمانە و ئەوی دیکەشیان کوردە.
بڕی ئەو نەوتەی کە دیارنەماوە نازانرێت چەندە، بەڵام لە بەرواری ١/١٢/٢٠٢١ تاوەکو ١٨/١/٢٠٢٢ بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکراوە و بەشێکە لە دوو ملیۆن و ٦١٠ هەزار و ٤١٠ لیتر نەوت.