115 سکاڵای لەسەرە
بەناوی مۆبیلیاتەوە پارەی نیوەی پرۆژەیەکی نیشتەجێبونی بردووە و هەڵهاتووە
964+
هونەر فارس – گەرمیان
خاوەنی دوکانێکی مۆبیلیات لە قەزای کەلار، پارەی نزیکی 150 هاوڵاتی دەبات و هەڵدێت، پشکی شێریش بەر پرۆژەی بان ستی کەوتووە.
دوکانەکە دەکەوێتە بەرامبەر نەخۆشخانەی گشتی کەلار و بەشێوەی پێشەکی پارەی لە هاوڵاتیان وەرگرتووە.
جوتیار تۆفیق، یەکێک لە سودمەندبوانی پرۆژەی بان ستیە و ملیۆنێک و 750 هەزار دیناری داوە بەو کەسە تاقمی قەنەفەی بۆ دروستبکات، ئەو بە 964ـی وت، “بەشێوەی پێشەکی پارەی لێوەردەگرتین، تەنیا لە پرۆژەکەی ئێمە پارەی زیاد لە 150 کەسی بردووە”.
باسی لەوەشکرد، دوێنێ لە بنکەی پۆلیسی کەلار پێیان وتون تا ئێستا زیاد لە 115 سکاڵا لە خاوەنی ئەو مۆبیلیاتە کراوە.
964 زانیویەتی، ئەوانەی پارەکانیان خوراوە چوونەتە دوکانەکە، بەڵام دوکانەکەیان بە چۆڵی بینیوە و قسەیان لەگەڵ کەسوکاری کردووە، ئەوانیش پێیان وتون بێئاگان لەوەی لەکوێیە.
964 ئەوەش دەزانێت کە تائێستا تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و گەڕانە بەدوایدا.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر