وێنەی پەیکەری هونەرمەند ئەردەلان بەکر.پارکی منارە لە هەولێر.وێنە:+964
ناو و ناونیشانی ونە
پەیکەرە تاقانەکەی ئەردەلان بەکر بەتەواوی فەرامۆشکراوە
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
پەیکەرەکەی هونەرمەندی کۆچکردوو ئەردەلان بەکر لە پارکی منارە بەتەواوی فەرامۆشکراوە و ناو و زانیاریەکانی قەدی پەیکەرەکە سڕاونەتەوە.
لە کۆی زیاتر لە 36 پەیکەری ناو پارکی منارە، شەش پەیکەریان هی هونەرمەندی گۆرانیبێژن، پەیکەرەکەی ئەردەلان بەکر مانگی ئاداری ساڵی 2014 پەردەی لەسەر لادرا، هونەرمەند رێبین سەرکار دروستیکردووە، ناو و ساڵی لەدایک بوون و کۆچی دوایی لە دامێنی پەیکەرەکە هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پەیکەرەکە بەشێکی تێکچووە هیچ زانیارییەکی لەسەر نەماوە.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “دەستکاریکردنی پەیکەرەکە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی کاری ئەوان نییە، لەبەرئەوەی کارەکە هونەرییە، ئەو کەسانەی پەیکەرەکەیان داناوە هەرکات بیانەوێت نۆژەنیبکەنەوە لەگەڵیان هاوکار دەبین و چاودێر دەبین”.
هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە 964ـی وت، ” لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای هەولێر لەسەر ئەو بابەتە گفتووگۆ دەکەین، هەوڵدەدەین بۆ چاککردنەوەی پەیکەرەکە لە نێو پارکی منارە”.
هونەرمەند ئەردەلان بەکر، ساڵی 1967 لە گەڕەکی خانەقای هەولێر لەدایکبووە، مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2009 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی سوید کۆچی دواییکرد، دواتر تەرمەکەی گەڕێنرایەوە هەولێر و رۆژی 15.10.2009 بەخاکسپێردرا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی