ئاوی دەوروبەری گەرمیان كلۆر و ماده‌ى پاككردنه‌وه‌ى ئاو ده‌داته‌ هاوڵاتیان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، هاوڵاتیانى سنووره‌كه‌ى له‌ پیسبوونى سه‌رچاوه‌ ئاوه‌كانیان ئاگادار ده‌كاته‌وه ‌و ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕێ كلۆر و ماده‌ى پاككه‌ره‌وه‌ى ئاویان پێبدات بۆ ته‌ندروستبوونى ئاوه‌كانیان.

له‌ سنوورى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان نۆ فه‌رمانگه‌ى ئاو و سێ قه‌زاش هه‌ن كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاویان لێیه‌.

سالار عه‌زیز، وته‌بێژى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان به‌ 964ـى وت، بانگه‌وازیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ‎هەر هاوڵاتیەك  لە قەزا و ناحیەكان پێویستی بە مەوادی پاككردنەوەی سەرچاوە ئاویەكان و كانیاوەكان هەبوو، سەردانی بنكه‌كانیان بكەن.

وتیشی “له‌ رێگه‌ى تیمى گه‌ڕۆكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مانه‌وه‌ شوێنه‌كان به‌سه‌رده‌كرێنه‌وه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك ئاو پیس بووبێت، نموونه‌ى ئاوه‌كه‌ ده‌هێندرێته‌ تاقیگه‌ى و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت”.

له‌ سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان سێ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى ئاو هه‌ن هاوڵاتیان بۆ خواردنه‌وه‌ پشتى پێده‌به‌ستن، رووباری سیروان و كانیاوه‌كان و بیره‌ ئیرتیوازییه‌كانن.

سالار عه‌زیز، باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و مادانه‌ى بۆ پاككردنه‌وه‌ى ئاوه‌كان به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن، بریتییە له دوو جۆر كلۆر، یه‌كه‌میان له‌ شێوه‌ی حه‌پ و دووه‌میشیان تۆزه‌.