مەسرور بارزانی بۆ خۆپیشاندەرانی کەرکوک: دان بەخۆتاندا بگرن

964+
ژووری هەواڵ

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بەپەلە کۆنترۆڵی “ئەم بارودۆخە نەخوازراوە” بکات، هەروەها داوا لە خۆپیشاندەرانی کورد دەکات دان بەخۆیاندا بگرن.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، “داوا لە هاونیشتمانیانی عەرەبی رەسەن و تورکمانەکانی خەڵکی کەرکوکیش دەکەم، رێگە بە خەڵکێکی نامۆ بە شارەکە نەدەن ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان تێکبدەن”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق چی وت؟

هەر ئەمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد “هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە” لە کەرکوک دەستگیری بکەن.

لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، “کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت جگە لە هێزە ئەمنییەکان”.

هەروەها دەشڵێت، قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەسەر شاری کەرکوک دەسەپێندرێت تاوەکو ئارامبوونەوەی دۆخەکە.

“هێزە ئەمنییەکان رێگە لە هەموو ئەوانە بگرن کە ئاژاوەگێڕن و هەوڵی پشێوی دەدەن”، سوودانی وا وتووە.

چەند کوژراو و بریندار هەن؟

سەرچاوەیەکی تایبەت لە تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا یەک کەس کوژراوە و 12ـی دیکە بریندار بوون.

964 دەزانێت، لەو 12 بریندارە، هەشتیان وەکو کورد خۆیان ناساندووە و چوارەکەی دیکە وەکو عەرەب یان تورکمان.

قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە

لە کەرکوک قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە و هیچ کەسێک ناتوانێت داخڵی ناو شارەکە ببێت، جگە لە هێزی ئەمنی.

عامر نوری شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆمان دا و تەنیا بۆ ئەمشەوە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هێور ببێتەوە، بەڵام هەر حاڵەتێکی نەخوزراو هەبێت درێژ دەکرێتەوە”.

ئاڵۆزییەکە لەسەر چی بوو؟

ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە لە گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو و رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک، خۆپیشاندەرە کوردەکان داوا دەکەن ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵدراون.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.