لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بودجەی پێویستە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دوای نزیکەی ٢٠ رۆژ لە پێکهێنانەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ هێشتا هیچ چالاکییەک نەکراوە. لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتیش دەڵێت؛ لیژنەکە پێش هەر شتێک پێویستی بە دیاریکردنی بودجەیە.
ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، تایبەتە بەو شوێنانەی کە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشووی عێراق بە مەبەست گۆڕانکاریی تێدا کردوون و ویستوویەتی دەستکاریی ناسنامەکانیان بکات.
ئەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێکردنی پێک هاتبوو، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە سڕ کرابوو، بەڵام لە سەروەختی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لە بەرواری ٢٨ـی مانگی رابردوودا پێک هێندرایەوە.
“لیژنەکە سێ ئەرکی هەیە، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان و چوونەوەی هاوردەکان بۆ شوێنی خۆیان، سەرژمێریکردن و پاشان راپرسی”، حەسیبە عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بۆردی پێکهاتەکانی یەکێتی، بە 964+ـی وت: “قۆناغی یەکەم بەتایبەتی بە بوودجە دەکرێت، ئێستاش هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣دا بوودجەی بۆ تەرخان بکرێت و لیژنەکە دەست بە کارەکانی بکات.”