بۆ گەشت لە سلێمانی بوون

سێ ئەندامی یەک خێزان بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا

964+

سیروان خورشید – کەرکوک

لەسەر رێگای داقوق و نزیک چێشتخانەی باخیرە، رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و سێ کەسی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بووە، ئۆتۆمبێڵەکان یەکێکیان سەنتافی و ئەوەی دیکەیان کیا سیراتۆ بووە.

فەمان نەشئەت بەڕێوبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ی وت، “رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوی ئۆتۆمبێلە سەنتافیەکە بووە دوای ئەوی خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری کیا سیراتۆ، بەهۆی تیژڕەویەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بووەتە هۆی وەرگەڕانی”.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی داقوق وتیشی، “بەهۆی رووداوەکە سێ کەسی ناو سەنتافیەکە گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەشیان بەسەختی بریندارن و سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی شاری بەسرەن، بەمەبستی گەشتکردن لە شاری سلێمانیەوە گەڕانەتەوە و لە رێگا دووچاری ئەو رووداوە بوونە”.

بەوتەی فەرمان نەشئەت، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە باوک و دایک و کچێکی تەمەن 25 ساڵەیان بووە و بریندارەکانیش سێ بران و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکوک کراون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی