ئاستەنگ هەیە

تا ئێستا تەرمی منداڵەکەی چەمچەماڵ نەدۆزراوەتەوە

+964
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ته‌رمی ئه‌و منداڵه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ له‌ سنووری كۆیه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ئاوه‌وه‌ و خنكاوه‌، تا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

دوانیوەڕۆی سێشه‌ممەی رابردوو، خێزانێکی چەمچەماڵی بە مەبەستی گەشت و سەیران چوونه‌ سنووری گونده‌كانی کانی بی و بۆگد، هەمان رۆژ منداڵێکیان دەکه‌وێتە رووباره‌وه‌ و خنكا.

منداڵەکە ناوی شەهرام سامی شەفیقە و تەمەن هەشت ساڵانه‌، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و هیچ سۆراغێکی نییە

هەریەک لە تیمی مەلەوانیی بەڕێوه‌بەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کۆیە، ناحیەکانی تەقتەق و ئاغجەلەر لەگەڵ تیمی مەلەوانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، بە هاوکاری مەلەوانزانانی خۆبەخش لە گەڕان بە دوای تەرمی منداڵەکە بەردەوامن، به‌ڵام هێشتا هیچ سۆراغێكیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌.

زانا ئەبوبەکر، بەرپرسی تیمی مەلەوانیی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی بە 964ی وت، تا ئێستا نەیانتوانیوە تەرمی منداڵەكه‌ بدۆزنەوە، بەڵام تەواوی تیمەکانیان له‌ رۆژانی رابردوودا بەردەوامن لە گەڕان، لە سنوری گۆپتەپە تا ناحیەی تەقتەق، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ئاوەکە تیژڕە و و ساردە، هەروەها منداڵەکە وەزنی بچوک بووە و باڵای بەرز نەبووە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە بدۆزرێتەوە بەڵام لە گەڕان بەردەوام دەبن و واز لە تەرمی شەهرام سامی ناهێنن.

به‌ پیًی زانیارییه‌كانی 964، یەکێک له‌ ئاستەنگەکانی دۆزینەوەی تەرمەکە، بوونی چاڵێکی زۆری غەسالەیە، لە سنووری زێی بچوک، کە بۆ بەرهەمهێنانی چەو و لم چاڵی گه‌وره‌یان له‌ رووباره‌كه‌ دروست كردووه‌، ئەمەش بووه‌تە هۆکاری مەنگی و قوڵیی ئاوەکە لە هەندێک شوێنی زێی بچوک، لە سنووری ئاوی گۆپتەپەدا.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا