دیمەنی چەند خولەکێک لە پاش رووداوەکە. وێنە: تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی
ئاسایشی هەولێر: خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترین لە تەقینەوەی پردەکە
964+
ژووری هەواڵ
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن لە کەیسی رووداوی پردی پەڕینەوەکەی شەقامی 60 مەتری، ئەگەر وردەکاری نوێش هەبێت لەلایەن دژە تیرۆری کوردستانەوە بڵاودەکرێتەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 1.9.2023، لە شەقامی 60 مەتری هەولێر دەنگێکی گەورە بیسترا، دوای لێکۆڵینەوەکان دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، “تەقینەوەی بۆمب بووە”.
بۆ دەستکەوتنی وردەکاری نوێ، 964 پەیوەندی بە موقەدەم ئەردەڵان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر کرد، ئەو رەتیکردەوە هیچ زانیارییەکی نوێ هەبێت.
شتێک هەبێت دژە تیرۆر بڵاویدەکاتەوە
وتەبێژەکەی ئاسایش وتی، “ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترین، جارێ هیچ وردەکارییەکی نوێم لانییە پێتان بڵێم، بەڵام ئەگەر وردەکاری زیاتر هەبێت دژە تیرۆری کوردستان بە فەرمی بڵاویدەکاتەوە”.
دژە تیرۆری کوردستان وتەبێژی نییە، میدیاکان ناتوانن لێدوانی فەرمی لێ وەربگرن.
دوێنێ هەینی، چەند خولەکێک پاش تەقینەوەکە، 964 ڤیدیۆیەکی دەستکەوت و تیایدا دووکەڵ دەردەکەوێت و بەشێک لە سەقفی پردەکە شکاوە.
تەقینەوەکە زیانی گیانی نەبوو
لە پاش چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە، دژە تیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، “کاتژمێر 6:29ـی ئێوارە، لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردێکی پەڕینەوە تەقیوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی مادی هەبووە”.
ئەو پردی پەڕینەوەیە دەکەوێتە نزیک چێشتخانەی ئەبو شەهاب و مزگەوتی سپی.
سەرەتای رووداوەکە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستەنگی هاتوچۆ لە شەقامەکە دروستبوو، بەڵام بەزووی دۆخەکە ئاسایی بووەوە.