ئه‌مجه‌د عه‌توان بۆ 964: ئه‌مساڵ بۆ یانه‌ی زاخۆ جیاواز ده‌بێت

+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

له‌ رێوڕه‌سێمكدا یانەی زاخۆ سەرجەم یاریزانه‌كانی ئەم وەرزە به‌ جەماوەرەکەی ناساند، له‌ ناویان یاریزانی ناودار ئه‌مجه‌د عه‌توان.

یانەی وەرزشی زاخۆ، بۆ ئەم وەرزەی خولی پیشەگەرانی عێراق، ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ستی ئه‌نجام داوه‌، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری بەڕازیلی و ئەفریقی، هه‌روه‌ها چه‌ند یاریزانێكی له‌ ناوخۆی عێراق هێناوه‌ جگه‌ له‌ یاریزانی ناوخۆی كوردستان، كه‌ سه‌رجه‌میان نزیكه‌ی 20 گرێبەستن.
964 ده‌زانێت، یانه‌كه‌ هێشتا نیازی هه‌یه‌ گرێبه‌ستی دیكه‌ش ئه‌نجام بدات.

نمایشی ناساندنی یاریزانانی یانه‌ی زاخۆ، شه‌وی رابردوو لە یاریگه‌ی نێوەوڵەتیی زاخۆ به‌ ئامادەبوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر كرا.
دیارترین یاریزانی نوێی یانه‌ی زاخۆ، ئه‌مجه‌د عه‌توانی عێراقییه‌، كه‌ یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و چه‌ند یانه‌یه‌كی به‌ناوبانگ بووه‌، له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا.
ئەمجەد عه‌توان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانە نوێیەکەی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی: ئەم وەرزە تایبەت دەبێت و لە هەموو وەرزەکانی تر جیا ده‌بێت بۆ یانه‌ی زاخۆ، سوپاسی پێشوازیی گەرمی جەماوەری یانەی زاخۆ دەکەم بە راستی دیمەنێکی ناوازەیان پێشان دا.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بە 964 راگەیاند: هیواخوازم ئەم هەنگاوانە بە دڵی جەماوەری دڵسوزی یانەی زاخۆبن و دڵنیایان دەکەمه‌وه‌ هەنگاوی دیكه‌ش ماوە و یانەی زاخۆ ئەم وەرزە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات.

یانه‌ی زاخۆ چه‌ند ساڵه‌ بەشداریی خولی نایابی عێراق دەکات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا